دڵەڕاوكێ
دڵە ڕاوكێ
لەو قەڕەباڵغيە لەسەر جەدوەلە شكاوەكەي خۆي دانيشتوە و جارجار كەسێك شتێكي لێ ئەكڕێ. دەرەلينگي پانتۆڵە دڕاوە تووسيەكەي، بەرەو قاوەيي ئەچێ. دوو بابۆڵە پەنيري كوردي خرابووە گيرفانيە وە. وەعدەي نيوەڕۆي بوو. كراسێكي چڵكنيش كە گيرفاني، يەخە كەي داخستبوو. هەموو ڕۆژێ بەمانەوە بە دڵەراوكێ ئەهاتە بەر پاساژ بۆ كاسبي.
حەفتەي پێشوو سەرنجام توانيبووي جلي جواني تاناكۆرا بۆ هەر سێ خوشك و براكەي بكڕێ و خۆشحاڵيان بكات. هەستي بە پياوەتي ئەكرد. ئەمڕۆش بۆ خۆي ئەكڕێ. هەر لە تاناكۆرا كراسێكي شيني دەس نيشان كردبوو بۆ خۆي. « خوايە گيان نەيفرۆشتبێ. » دڵەڕاوكێي بوو.
روومەتي گەش و جوان بوو، كەچي دەستي لە دەستي لاوێكي كرێكار ئەچوو: زبر...
بەينێ حەماڵيشي ئەكرد. دەرەقەت نەهات!
دەوراندەور، ڕيزبە ڕيز ئاسن و ئاجور ئەچوو بۆ ئاسمان. دڵەڕاوكێي بوو. جارجار كە ماندوو يان بێتاقەت ئەبوو، لەناوبەيني پاساژ و ماڵ و مزگەوتەوە، ئەيڕوانيە ئاربەبا. ئاربەباي زۆر پێ جوان بوو. ئێستا ئەويشيان لێ ئەگرت...
كاجەلالي خزميان كە لە پاساژ دووكاني هەيە، ئەيوت:
" كوڕە قەينا! بە قوربانت، باهەرپاساژ درووست بكەن! با موسافير و موشتەري زۆر ببێ. خەمت نەبێ بازاڕي دەس فرۆشەكانيش باش ئەبێ. "!
شەوێكيش باوكي وتي: " دەڵێن شەش پاساجي تريش ساز دەكەن. "
« كوڕە چش! ئاربەبام بۆ چيە؟ با فرۆشم زۆرببێ، بتوانم تۆزێ لە خەرجي عەمەلي چاوي دايكم بەم. »
...
رۆژ دێت و ئەڕوا. خەڵكيش دێن و ئەڕۆن. لە بێ بازاڕي ئەوينا، گيرفاني هەندێ ئەماسێ و هي ئەميش تەقەي دێ و بزەي دێتە سەر لێو!
« دەي خوايە بينێري! »
٭٭٭
سبەينێ زەماوەندي بێگەردە. دڵەڕاوكێي بوو. بيري ئەو كاتەي ئەكرد كەباوكي تەحويلي زاواي ئەيا و دايكي ئەگري و چاوي خراپتر ئەبێ. پەلەي بوو بچێتەوە بۆماڵ. ئەمشەو خەنەبەندانە.
ژنێكي جواني چاويلكە رەش لەبەر دەمي وێستا. مناڵێكي كاڵي گووپنيشي پێ بوو، بەستەني ئەخوارد .
« ئاخر بەم بەهارە بەستەني چي؟ خۆ بەستەني هاوينان ئەخورێ. »
ـ دونەاي چند؟
ڕاچڵەكي. ژنە جوانەكە بوو.
ـ ها؟
ـ گفتم يكي چند؟
ـ ...
ژنە زاني.
ـ هەزار و پونصه ت.
ـ چقدر گرون!
« لەو بۆنە!»
ـ چي خانم؟... هين... موغازەها سە هەزار مي فرۆشن.
ـ هزار ميدي ببرم؟
مناڵە هەر خەريكي بەستەنيەكەي بوو.
ـ هين... ناولله... خێر نمي كوند.
ژنە رۆي .
« خۆزگە بمدايە »
دڵەڕاوكێي بوو.
٭٭٭
هەتاوي نيوەڕۆ ئازاري ئەدا. تەوقي سەري گەرم ببوو.
« پێم وايە بەستەني بۆ ئێستاش ئەبێ. »
كتێبە علومەكەي لە ژێر خۆيا دەرهێنا و خستيا سەرسەري. دڵەڕاوكێي بوو ئێوارە زوو بگاتەوە بۆ خەنەبەندان...
هەر لە سك و زاوە دڵەڕاوكێي بوو.
سوبحي سەليمي
برچسب: ،