16/3/1988 هەڵەبشيما - حەسيب قەرەداغي
هەڵەبشيما - حەسيب قەرەداغي
19/3/1988
وا هەڵەبجە بوو بە شاري "هەڵەبشيما"!
وەڵام چييە، گەر بپرسين:
لە ئايين و لە فەلسەفە، تڵپە نەبێ ئيتر چي ما؟
كە هەڵەبجە بوو بە شاري هەڵەبشيما و
كوردێك سێ پێي لێ بگرێ.
لەناو دەست و پێي چارەوێي زۆردارانا
بێ ئابڕوويي بۆ جاڕبدەن لە كووچە كووچەي شارانا.
وا هەڵەبجە بوو بە شاري هەڵەبشيما و
خەبەر لێمان بێ خەبەرە…
"مؤذن"ي منارەكان، هەڵەوەڕيي ئێستگەكان،
هاي هيتلەرە، هاي هيتلەرە!
كە هەڵەبجە بوو بە شاري هەڵەبشيما،
ئەهريمەن بێ و تاشێ ئەتۆم بێنێ و بيدا بە زەويدا…
دەرگا لەسەر ئەدێڤەي مەرگ بكاتەوە،
قەپاخ لەسەر تووني رەشي رشانەوە هەڵباتەوە…
دەڵێم چ بكەم واكراوە…
ئەي بۆ، شاري شاعيرانم: هەڵەبجەي جوان!
گۆڕستاني راخراوە؟!
با ئەندێشەم ژان بيگرێ و
داواي دايكە هەڵەبجەكا
دايكە هەڵەبجە ماماني شاعيراني شۆڕەسوارە.
دايكە هەڵەبجە دايەني كۆرپەي شيعرە هي بەهارە.
دايكە هەڵەبجە هاوسەري باڵانبۆيە و
شارەزووري لەبەردايە.
دايكە هەڵەبجە شوخێكە وا لە جياتي پۆيلە و كڵاو،
هەوراماني لەسەردايە.
دايكە هەڵەبجە گووارەي زەڵم و سيروان لەگوێي دايە.
دايكە هەڵەبجە بەهەشتە و " ئەحمەد موختار" لە توێي دايە.
شيعر لە كوێ خۆي بناسێ دايكە هەڵەبجەي تێدايە.
دايكە هەڵەبجەي باڵابەرز، تاجي سەري ستەمكاري لەپێدايە.
دڵم ناهێنێ – خوانەكا – بڵێم لە كات و ساتايە
تەختي هەزار شێت و گومڕا بەقورباني تۆ بێ … دايە!
ئەي بۆ، گوندي "سێوسێنان" و دێي "دوكان" و
جافەرانيش، ژاري مەرگيان لێ باريوە؟
بۆچي خودا هەتا ئێستا بەم نەهاتەي نەزانيوە؟!
بەرماڵەكەي ئيمام هەمزە بپێچنەوە،
با پيس نەبێ!
كوێخا نەجم لە خەو هەڵسێ، با سوار سوار بێ.
با "نارامسين"– لە "دەربەن گەور"بەرەو دەمي،
"بەلەك جاڕ" بێ!
وا تاعوون هات، تاعووني رەش…
شێخ رەسووڵي – سۆڵە –ي ئەوبەر،
بە ئاگري – دايەگەورە – لە كارەسات دەدا خەبەر.
رەش سوارەكاني تاعووني ئەم بەهارە،
چەمي – دێوانە – دەشكێنن،
دەيانەوێ – وەكو دەڵێن – سەر بە"زەردە" دانەوێنن!
بە، -گۆران-ي، شاعير بڵێن گەشتێ بكا بۆ قەرەداخ،
هەتا دەگاتە – دوكان – ي
گوندي شۆڕەبي و ئاو و باخ.
شمشاڵژەن، سۆزي، هەر باوكە رۆيە،
چۆپيكێش، تۆزي، هەر باوكە رۆيە،
تاعوون دەبارێ و، دێي شێواو هەي رۆ…
سۆز و هاواري لەناكاو، هەي رۆ…
مەستي بێ شەراب، هەرزەكار، هەي رۆ…
پيري دار بەدەست، كەفتەكار، هەي رۆ…
زاواي بەردەرگاي چاوەڕوان، هەي رۆ…
بووكي رازاوە، پێ و پاوان، هەي رۆ…
ئەڵقەي چۆپي رۆ، شمشاڵ لێدەر، رۆ…
ئاسمان، ئەستێرە، دێ، دەشت و دەر، رۆ…
لە كلكەي – كەڵوەش – بەڕاستا واسە
لە سێوسێناندا، ئاخۆ چ باسە؟!
باوكەڕۆ لەجێي ئامان لەرزانە…
سەرمۆري شيني باڵابەرزانە!
سەري بێ پووشين لە قوڕ گيراوە،
ئەڵقەي شيوەنە و لەپڕ گيراوە،
نقێم بێ ورشە و هەياسە سوورە،
سەرەتاي تاعوون لە شارەزوورە!
رێبواري مانووي چۆپي و رمبازي،
بە مەرگي خوداي ناو جێگە رازي…
وا دەتلێتەوە لە ژەهر و ژارا…
بەرەو دەشتايي و لەبەر بنارا!
رێگەي راكردن هەر تاعوون سوارە،
رێي گەڕانەوەيش هەر مەرگ و ژارە!
گۆڕ هەڵتەكێنە بنواڕە – گۆران –
هەڵپەڕكێ و شمشاڵ، چاو جوانيش تۆران!
ئيتر تا ماوي، رابورد … سێوسێنان…
پيشاني تۆي با، هەڵپەڕكێي چاوجوان!
– سەهۆڵي باڵاي ژنێكي، كوڵ بەكۆڵي نەدايە بەرتيني هەتاو!
بەكڕێوە كوژاينەوە لەبەر پێيدا، رچەي شكاو!
كڕێوەيە، رێ شەختەيە
"ئەي دايكە كورد"– بۆ كوێ دەڕۆي؟!
كوێرە رێكان كوژانەوە.
دەخيلت بم، بۆ كوێ دەچي، تۆ و دوو كۆرپەت بەشانەوە؟
دڵي گەرمت ئەم دوو كۆرپە دەگرێتە خۆي؟
دادە، ئەي تۆ بەرەو دڵي گەرموگوڕي …
چ گوندێكي وێران دەڕۆي؟
خەونەكانت كام بن بەردێ، دەكەن بە دەفتەر و ديوان؟
تۆ، بەم كۆچەت سۆزي مەرگي "كەژە و بەهار"ت هەڵگيرسان
ئەي، سەوزەي تۆ – ئەگەر من مام –
داخۆ بڵێي بيناسمەوە؟!
لە دامێنيا لە قوڕنيشم بەخۆم و شيعر و باسمەوە!؟
من كوردێكم كارەساتێك هۆش و هەستي
جام كردووم و
رێي باوەڕ و ئايدۆلۆجياي لێ گرتووم و
دەستم دايە، يەخەي خامە…
رەنگە بتوانێ ئازارێك لە هەڵەبجە دەرباز بكا.
من، باي ئيفليجي لێي داوم
بەشكو ئەوێم بۆ باس بكا.
لێوم وشكە و، چاوم بوو بە چەمي بێ ئاو،
شيعر و هيوا و باوەڕيشم،
بوون بە شووشەي پڕ و شكاو
هەرچي ئەشكي ئەم دنيايە كۆيكەنەوە و من بيڕێژم،
هەرچي وشەي ئەم دنيايە ببێ بە بەيتي شيوەن و
من بيبێژم…
بۆ مناڵێ لە سێوسێنان.
بۆ نۆ بووكي هەڵەبجەمان…
هێشتا هيچە و هێشتا كەمە!
مرۆڤ! مێژوو! فەلسەفەكان!
راستە، دەڵێن: خوا بێ خەمە؟!
راستە، دەڵێن: بريني كورد كوێرە بريني بێ دەمە؟!
راستە، دوژمن پێمان دەڵێت: چيتان ديوە!
هێشتا هەمە؟!
كە هەڵەبجە بوو شاري هەڵەبشيما و
وتيان… هێشتا ئەهريمەن و نازناوي خواي پێ دراوە!
ئەو باوەڕە، ئەو فەلسەفە …
پاشا خوڕي كاي خوراوە
نەفرەتي مەرگي هەڵەبجە و سێوسێناني تێكراوە!
دەخڵ دروێنە و، خەرمان، شەنيەوێ
سووري خەرمانيش شەخت و مەنيەوێ
رێگەي ئازادي و پێشڕەوي كارا…
عاشق و بووكي بێ پەچە و تارا…
ئاواتي كورد و دەستي سەر خەنجەر،
شۆڕش و چەك و باوەڕ و سەنگەر،
لە نێوان گەل و هەر ستەمكارێ،
ئەگەر پردێ ما، بەردي لێ بارێ.
لە هەڵەبجەوە ئيتر لەمەودوا،
دەڕوانينە خەڵك.. دەڕوانينە خوا.
برچسب: ،